بەڵام تۆ ڕاست دەکەی کە من گێلم. لەبەر ئەوەی کە ڕێز و حورمەتی تۆم بۆ گرینگ بوو. سەری ڕێزم بۆ تۆ و بۆ خۆشم دانواند. بۆیە حۆلم، چوونکە گەورەیی خۆم نواند. لەبەر ئەوەی کە هەمیشە وتوومە بەڵێ. قەت وشەی نا، نابێ، ناکرێ، ناتوانم، کاتم نییە، بۆم ناکرێ، پارەم نییە، پێم خۆش نییە، لە لێوولەته‌رم نەهاتۆته دەر.

 ئاخر تەنیا هەر بەڵێیان فێری من کردووە و بەس!

 بەڵێ بۆ هەموو قسەیەک، بەڵێ بۆ هەموو کردەوەیەک، بەڵێ بۆ هەموو کەسێک، بەڵێ بۆ هەموو فکرێک، بەڵێ بۆ هەموو جێگایەک، بەڵێ  بۆ هەموو ئەمر و فەرمانێک و داوایەک. قەت بەڵێم بۆ دڵی خۆم نەگوت، هەربۆ ئێوە بوو!

 ئەو بەڵێیانە بوون کە منیان بە گێل ناساند. گلەیی لەخۆمە. دەڵێن فێرکردان فێر مەکەن.

بۆیە بەڕێزەکەم پێت وایە کە من، کەڕو کاسم! چوونکە هەمووکات، تۆ گوڕاندت و من کپ و مات بووم، سەرم داخست. ئیزنم بە خۆم نەدا دژی قسەی پڕوپووچ و ژیان تێکدەرەکانت بوەستمەوە.

 زۆر چاک حۆلم!

لەبەر ئەوەی عەیبەم پێ عەیبە. گوڕاندنم پێ شوورەییە. پێکەنینی خەڵک و نەناسیاوم پێ داوەشانە. ڕێزم لە کتێب خوێندنەوە و تەمەن و کار و خزمایەتی و هاووڵاتی و هاوزمانی و پێکەوە ژیان گرت. بۆیە ناحەقت نییە پێم بڵێی وڕ و کاسم!

ئاخر گیانەکەم!

 کوا هەڵۆ بۆ شەڕی چۆلەکە ڕادەسێ! چۆن شێر دژی پشیلە دەنەڕێنێ! لە کوێت دیوە هەورە تریشقە خەفەت لە چرا فتیلە بخوا!

بەڵێ حۆلم!

ئاخر تۆ پێت وایە، من نازانم هەڵوێست بگرم! زمانم گۆیە ناکا! یان دەترسم! بێ هێز و دەسەڵاتم! مردەلۆخەم! هەرنازانم بدوێم! بۆیە پێناکەنم! قاقای شێتانە ناکێشم! فڕوفیشاڵ ناکەم! بۆیە ئاوام!

 بەڵێ و سەدان جار بەڵێ، زۆر چاک حۆلم‌!‌

با لە ڕوانگەی تۆڕا وابم. تەرازووی عەقڵ و ژیری تۆ هەر بۆ هەڵسەنگاندنی پووش و پەڵاش و بابردەڵە دانراوە. کێشی لەوە زیاتر نییه! بە گومانم بۆ کاروکردەوەی قورس نابێ، زوو دەتەپێ. بۆیه منت بەحۆل داناوە!

سوێند بە خوا بەو حۆل و دۆلیەی خۆم زۆر دڵخۆشم! لێکدا لێکدا، پەنجەی چەپەڵ و قوڕاویت لە بەرۆکم دە، هەربڵێ حۆل! با دڵت خۆش بێ و ئارام بگری!

تۆی بەڕێزم!

 وەک دەسەڵاتدار، کاربەدەست، بەڕێوەبەری دایرە، سەرۆک، دایک، باوک، هاوژین، بەرپرسی حیزب و گرووپێک، خۆت پێ خوایە! یان نێردراوی تایبەتی خوا! وادەزانی دونیا بە ئیشارەی قامکی جەنابتان دەسووڕێ. گەر تۆ نەبی، بەهار نایە. کاکێشان دادەڕووخێ!

 بەڵێ ئەتۆ ژیری!

ئەوەنییە بیرو بڕوای خۆت بەناو دین، بەناو خوا، بەناو پێغەمبەر، بەناو دڵسۆز، بەناو خەمخۆر بەسەرمندا دەبارێنی! ئیزن بە خۆت دەدەی هەرچی گەند و گەڵاش و پڕشی ناو مێشکی ڕزیوته، بەسەرمدا بڕشینیەوە. هەموو کار و کردەوە و هەڵوێست و فکر و بیری من بەهەڵە دەزانی. خۆت لێ کردوومە چاکی پیرانی خواناس!

چاک دەزانم منت پێ حۆلە! دونیا نەدیدە و بێ ئاگایە! وا دەزانی لەگوێی گادا نووستووم! ئاگام لە مەحموودی بێ‌ز‌‌ەوادیش نییە! بۆیه ئاوا لێم دەبیە ئاغاو کوێخاو دمڕاست!

ئاخر کەڕو کاسم!

چوون، قفڵێکی ئەستوور و قایمم لە زمانم داوە! زمانم بەڕەڵا نییە هەتا لە هەموو کەس بەربێ‌! زمانم گەڕیدە نییە بچێته بن دەرک و کۆڵانی هەموو کەس و ناکەسێک!

بۆیە گێلم! بەڵێ کوتکم لەسەری دراوه!

لەبەر ئەوەی، مێشک و فکرم چڵپاوخۆر نییە! برسی ڕادەگرم بەڵام ناهێڵم بچێته سەر سفرە و خوانی چەڵخووس و دەست قونجاوێک! مێشکی من پەرژین‌دڕ نییه! حەوشە و حەسارم لەدەوری کێشاوە! خۆماڵییە! گەڕۆک نییە!

بەڵێ بابەگیان! دایەگیان! بەڵێ خێزان! بەڵێ کەسوکار! بەڵێ سەرۆکی خۆبەزلزان! بەڵێ کاربەدەستی تێنەگەیشتوو و زگ‌هەڵدڕاو! بەڵێ.....!بەڵێ..... !بەڵێ.....! و سەدان و هەزاران بەڵێی دیکە....!

بە خودای ئەمن گێژم! خۆشم دەزانم. هەستم پێ کردووە! خۆ هیچ نەبێ لە زاری تۆم بیستووە! لە چاولێکردنەکانتڕا دەزانم! لە تانە و تەشەرەکانت ڕا حاڵی بووم! لە دەمار و فیزەکانت‌ڕا بۆم دەرکەوتووە کە من حۆلم، کاسم! گێلم!

تۆ هەرچی پێم بڵێی لەولاوەتریشم، هێشتا کەمت گوتووە! هەرچی بیڵێی پڕ بە پێستی منە!

ئاخر چ بکەم! پێم خۆش نییە وشەی قێزەون و پڕو پووچ دەرخواردی زمانی کوردی دەم! نامەوێ لیکاوگۆلاو و چڵکاوی پێدا داچۆڕێ!

ئاخر چ بکەم! ئەو دڵە ناسکۆڵە و هەرزەکارەی خۆم گەلێک خۆش دەوێ!

نامەوێ ببێتە زبڵدانی ڕشانەوەی هەڵوێستی نالەبار و دژایەتی و قین و دووبەرەکایەتی و بگرەوبێنە و ئاژاوە!

ئاخر کەسوکارم! ساڵەهای ساڵی پێچوه‌ کە توانیومە ماڵ و کۆشکی مێشک و فکرم ساز کەم!

نامەوێ بە سووکەبایەک داڕووخێ! نامەوێ ببێتە جێگای مۆڵگە و گاڵتە جاڕی نەزانی تۆ! نامەوێ بەتۆوە سەرقاڵ بێ! نامەوێ شەو و ڕۆژ نەخشە و پیلان، دژی تۆ داڕێژێ!

ئاخر من پێم خۆشە! ژیانی هەموو لایەک، مەند و ئارام و بێدەنگ بێ! پێم خۆشە چریکەی مۆسیقای ژیان، لە هەموو ماڵ و گەڕەک و شار و وڵاتێک بلاوێتەوە!

بۆیە دەڵێم بەڵێ گیانەکەم. سەدجار بەڵێ....!بەڵێ.....!بەڵێ.....! ئەگەر ئەوجاریش هەر پێت وایە گێژ و حۆل و کاسم، با هەروابێ!